languageIcon
بحث
بحث
brightness_1 بە دەستنوێژەوە لە ماڵ دەرچێت بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی بۆ بنوسرێت .

بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) - رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (نوێژی پیاوێك بە جەماعەت زیاترە لە نوێژەكەی لە ماڵەكەی و نوێژەكەی لە بازارەكەیدا بە بیست و هێندە پلە , ئەویش ئەگەر یەكێكیان دەستنوێژی شوشت بە دەستنوێژێكی پوخت و جوان ئەمجار هات بۆ مزگەوت , هیچ شتێك نایجوڵێنێتەو و لە جێگەی خۆی هەڵی ناسێنێت ئیللا نوێژ نەبێت , مەبەستی هیچ نییە تەنها نوێژ نەبێت , هیچ هەنگاوێك نانێت ئیللا پلەیەك بەرز دەبێتەوە و تاوانێكی لەسەر دەسڕێتەوە تاوەكو دەچێتە مزگەوتەوە , جا ئەگەر چووە ناو مزگەوتەوە ئەوا لە نوێژدایە مادام نوێژەكەی حەپسی كردووە , وە فریشتەكان سه‌ڵاوات لەسەر كەسێكتان دەدەن مادام لەو مەجلیسەدایە كە نوێژەكەی تیادا كردووە, دەڵێن : ئەی خوایە ..  رەحمی پێ بكە , ئەی خوایە .. لێی خۆشبە , ئەی خوایە .. تەوبەی لێ قبوڵ بكە , بە مەرجێ ئازار بە كەس نەگەیەنێت و دەستنوێژەكەی بەتاڵ نەبێـتەوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(649) .

brightness_1 سوننەتە پیاوان دەستپێشخەری بكەن بۆ ریزی پێشەوە

سوننەتە پیاوان دەستپێشخەری بكەن بۆ ریزی پێشەوە , چونكە ئەوە باشترین ریزە , وە بۆ ئافرەتان باشترین ریز كۆتا ریزە . 

بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لێ بێت – كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (باشترین ریزی پیاوان یەكەمەكەیەتی و خراپترینی كۆتاییەكەیەتی , وە باشترین ریزی ئافرەتان كۆتاییەكەیەتی و خراپترینی یەكەمەكەیەتی) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(440)

(خیرها- باشترین -) : واتە : پاداشت و فەزڵی زۆرترە .

وە (شرُّها- خراپترین-) واتە : پاداشت و فەزڵی كەمترە .

ئەم فەرموودەیە باسی ئەوە دەكات ئەگەر پیاوان و ئافرەتان بە جەماعەت نوێژیان كرد و هیچ شتێك لە نێوانیاندا نەبێت وەكو دیوار و نمونەی ئەوە , ئەوا لەو كاتەدا باشترین ریزی ئافرەتان كۆتایەكەیەتی , چونكە ئەمە پۆشتەترە بۆیان لە چاوی پیاوان , بەڵام ئەگەر شتێك لە نێوانیاندا هەبێت وەكو دیوار و نمونەی ئەوە , یان وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لە زۆربەی مزگەوتەكاندا هەیە بەوەی كە نوێژگەیەكی تایبەت بۆ ئافرەتان دەكرێت بە سەربەخۆیی , ئەوا لەم كاتەدا باشترین ریزی ئافرەتان یەكەمەكەیەتی , چونكە هۆكاری نزیك بوون لە پیاوانەوە نەماوە , چونكە حوكمەكان لە گەڵ هۆكارەكەیدا دەسوڕێنەوە بە بوون و نەبوون , وە لەبەر گشتگیری ئەو فەرموودانەی دەربارەی ریزی یەكەم هاتوون , لەوانە :  

فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لێ بێت – كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر خەڵكی دەزانن چی لە بانگ و ریزی یەكەمدا هەیە – لە پاداشت- ئەمجار هیچ چارەیەكیان نەبوایە بۆ دیاری كردنی بانگبێژ و ریزی یەكەم تەنها بە قورعەكردن نەبێت ئەوا قورعەیان بۆ دەكرد , وە ئەگەر خەڵكی بزانن چی لە زووهاتندایە بۆ مزگەوت – بۆ نوێژی نیوەڕۆ لە پاداشت- ئەوا پێشبركێیان بۆ دەكرد , وە ئەگەر بزانن چی لە نوێژی عیشا و بەیانیدا هەیە – لە پاداشت – ئەوا بۆی دەهاتن ئەگەر بە گاگۆڵكێیش بوایە) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(615) و (موسلیم) بە ژمارە(437) .