بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لەسەر بێت –دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : ئەگەر دەزانن چەند پاداشت لە زوو رۆیشتندا هەیە بۆ مزگەوت ئەوا پێشبڕكێیان بۆ دەكرد) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(615) و (موسلیم) بە ژمارە(437) .
وە (التهجیر) : واتە : رۆیشتن بۆ مزگەوت لەسەرەتای كاتەكەیدا .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) - رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (نوێژی پیاوێك بە جەماعەت زیاترە لە نوێژەكەی لە ماڵەكەی و نوێژەكەی لە بازارەكەیدا بە بیست و هێندە پلە , ئەویش ئەگەر یەكێكیان دەستنوێژی شوشت بە دەستنوێژێكی پوخت و جوان ئەمجار هات بۆ مزگەوت , هیچ شتێك نایجوڵێنێتەو و لە جێگەی خۆی هەڵی ناسێنێت ئیللا نوێژ نەبێت , مەبەستی هیچ نییە تەنها نوێژ نەبێت , هیچ هەنگاوێك نانێت ئیللا پلەیەك بەرز دەبێتەوە و تاوانێكی لەسەر دەسڕێتەوە تاوەكو دەچێتە مزگەوتەوە , جا ئەگەر چووە ناو مزگەوتەوە ئەوا لە نوێژدایە مادام نوێژەكەی حەپسی كردووە , وە فریشتەكان سهڵاوات لەسەر كەسێكتان دەدەن مادام لەو مەجلیسەدایە كە نوێژەكەی تیادا كردووە, دەڵێن : ئەی خوایە .. رەحمی پێ بكە , ئەی خوایە .. لێی خۆشبە , ئەی خوایە .. تەوبەی لێ قبوڵ بكە , بە مەرجێ ئازار بە كەس نەگەیەنێت و دەستنوێژەكەی بەتاڵ نەبێـتەوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(649) .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لەسەر بێـت - لە پێغەمبەری خواوە(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەفەرموێت : (ئەگەر گوێتان لە قامەت بوو ئەوا بەرەو نوێژ بەرێ بكەون , بە لەسەرخۆیی و هێمنی و وەقارەوە , وە پەلە مەكەن , ئەوەندەی پێیدا گەیشتن لە نوێژەكە ئەنجامی بدەن و ئەوەی لە دەستان دەرچوو ئەوا لە پاشاندا تەواوی بكەن) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(636) و(موسلیم) بە ژمارە (602) .
نەوەوی- رەحمەتی خوای لێ بێت- دەفەرموێت :(السكینة) : واتە: لەسەرخۆیی لە جوڵەدا و دووركەوتنەوە لە شپرزی و كاری بێ كەڵك , وە(الوقار) : لە رواڵەتدایە وەكو چاو داپۆشین و دەنگی نزم و ئاورنەدانەوە) (شرح مسلم للنووي , حدیث(602) باب استحباب إتیان الصلاة بوقار, وسكینة, والنهی عن إتیانها سعیاً).
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أنس) – رەزای خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی : لە سوننەتدایە ئەگەر چویتە ژوورەوە بۆ مزگەوت پێی راستت پێش بخەیت و ئەگەر دەرچوویت پێی چەپت پێش بخەیت ) الحاكم ریوایەتی كردووە (1/338) و بە (سهحیح)ی داناوە لەسەر (شرط)ی (موسلیم) .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو حمید) یان (أبو أسید) فەرموویەتی : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان چوونە مزگەوتەوە با بڵێت : ئەی خودایە .. دەرگاكانی رەحمەتی خۆتم لێ بكەرەوە . وە ئەگەر دەرچوو ئەوا با بڵێت : ئەی خوایە .. من داوای فەزڵی تۆ دەكەم) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(713) .
ئەمەش ئەگەر زوو هات بۆ نوێژ , ئەوا سوننەتە دانەنیشێت تاوەكو دوو ركات نوێژ دەكات , بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو قتادة) – رەزای خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : ئەگەر یەكێكتان چوونە مزگەوتەوە ئەوا با دانەنیشێت تاوەكو دوو ركات نوێژ دەكات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (1163) و (موسلیم) بە ژمارە(714) .
وە سوننەتی پێش نوێژە فەرزەكان جێگای دوو ركاتەكەی (تحیة المسجد) دەگرێتەوە ئەگەر دوو ركاتی پێشی هەبێت وەكو فەجر و نیوەڕۆ یان سوننەتی چێشتەنگاو ئەگەر لە كاتی چیشتەنگاودا چووە مزگەوتەوە , یان نوێژی ویتر ئەگەر لە مزگەوتدا ئەنجامی دا , یان فەرز , چونكە مەبەست لە (تحیة المسجد) ئەوەیە : كەوا دانەنیشێت تاوەكو نوێژێك بكات , چونكە لەوەدا ئاوەدانكردنەوەی مزگەوتەكانی تێدایە , بۆ ئەوەی نەچێتە مزگەوتەوە بە بێ نوێژ .
سوننەتە پیاوان دەستپێشخەری بكەن بۆ ریزی پێشەوە , چونكە ئەوە باشترین ریزە , وە بۆ ئافرەتان باشترین ریز كۆتا ریزە .
بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لێ بێت – كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (باشترین ریزی پیاوان یەكەمەكەیەتی و خراپترینی كۆتاییەكەیەتی , وە باشترین ریزی ئافرەتان كۆتاییەكەیەتی و خراپترینی یەكەمەكەیەتی) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(440)
(خیرها- باشترین -) : واتە : پاداشت و فەزڵی زۆرترە .
وە (شرُّها- خراپترین-) واتە : پاداشت و فەزڵی كەمترە .
ئەم فەرموودەیە باسی ئەوە دەكات ئەگەر پیاوان و ئافرەتان بە جەماعەت نوێژیان كرد و هیچ شتێك لە نێوانیاندا نەبێت وەكو دیوار و نمونەی ئەوە , ئەوا لەو كاتەدا باشترین ریزی ئافرەتان كۆتایەكەیەتی , چونكە ئەمە پۆشتەترە بۆیان لە چاوی پیاوان , بەڵام ئەگەر شتێك لە نێوانیاندا هەبێت وەكو دیوار و نمونەی ئەوە , یان وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لە زۆربەی مزگەوتەكاندا هەیە بەوەی كە نوێژگەیەكی تایبەت بۆ ئافرەتان دەكرێت بە سەربەخۆیی , ئەوا لەم كاتەدا باشترین ریزی ئافرەتان یەكەمەكەیەتی , چونكە هۆكاری نزیك بوون لە پیاوانەوە نەماوە , چونكە حوكمەكان لە گەڵ هۆكارەكەیدا دەسوڕێنەوە بە بوون و نەبوون , وە لەبەر گشتگیری ئەو فەرموودانەی دەربارەی ریزی یەكەم هاتوون , لەوانە :
فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لێ بێت – كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر خەڵكی دەزانن چی لە بانگ و ریزی یەكەمدا هەیە – لە پاداشت- ئەمجار هیچ چارەیەكیان نەبوایە بۆ دیاری كردنی بانگبێژ و ریزی یەكەم تەنها بە قورعەكردن نەبێت ئەوا قورعەیان بۆ دەكرد , وە ئەگەر خەڵكی بزانن چی لە زووهاتندایە بۆ مزگەوت – بۆ نوێژی نیوەڕۆ لە پاداشت- ئەوا پێشبركێیان بۆ دەكرد , وە ئەگەر بزانن چی لە نوێژی عیشا و بەیانیدا هەیە – لە پاداشت – ئەوا بۆی دەهاتن ئەگەر بە گاگۆڵكێیش بوایە) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(615) و (موسلیم) بە ژمارە(437) .
باشتر وایە لە حەقی مەئمومدا لە رووی رێكخستنی یەوە بۆ نوێژ ریزی یەكەمە هەروەكو لە پێشدا باسكرا , ئەمجار سوور بێت لەسەر ئەوەی نزیك ببێتەوە لە ئیمام , جا نزیكترین لە لای راستەوە یان لای چەپەوە ئەوا باشترینە .
بەڵگەش لەسەر ئەوە :
فەرموودەكەی (عبدالله بن مسعود) و – رەزای خوای لێ بێت – دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (با كەسە پێگەیشتوو و عاقڵەكان لێم نزیك ببنەوە) أبو داود ریوایەتی كردووە بە ژمارە (674) و (الترمذي) بە ژمارە(228) , جا مەبەست لە (ليلني) واتە : با لێم نزیك ببێتەوە , ئەم فەرموودەیەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەوا نزیك بوونەوە لە ئیمام داواكراوە لە هەر لایەكەوە بێت .