languageIcon
بحث
بحث
brightness_1 سوننەتە ئەو كەسەی دەپژمێت بڵێت : (الحمد لله) .

بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرة) – رەزای خوای لێ بێت- لە پێغەمبەری خواوە(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان پژمی ئەوا با بڵێت : (الْحَمْدُ لِلَّهِ) سوپاس و ستایش بۆ خوا , ئەمجار ئەوانەی وان لە دەورو بەری با بڵێن : (يَرْحَمُكَ اللَّهُ) خوا رەحمەت لێبكات , جا ئەویش با وڵامیان بداتەوە و بڵێت : (يَهْدِيكُمُ اللَّهُ , وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ) خوا رێنموییتان بكات و كارو كردەوەتان چاك بكات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (6224) .

سوننەتە جۆراوجۆری بكات و هەندێ جار بڵێت : (سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە لە هەموو حاڵەتێكدا) لە ریوایەتێكی (أبو داود) دا هاتووە : (ئەگەر یەكێكتان پژمێ ئەوا با بڵێت : سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە لە هەموو حاڵەتێكدا) (أبو داود) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5031) و ابن القیم – رەحمەتی خوای لێ بێت- دەربارەی ئەم فەرموودەیە لە (زاد المعاد 2/436) دا فەرموویەتی : ئیسنادەكەی (سه‌حیح) ە ).

ئەو كەسەی وەڵامی دەداتەوە دەڵێت : (يرحمك الله) وە سوننەتە ئەو كەسەی پژمیوە وەڵامی بداتەوە و بڵێت:(خوا رێنموییتان بكات و كارو كردەوەتان چاك بكات) هەموو ئەمانە فەرموودەكەی (أبو هریرة)ی پێشوو بەڵگەیە لەسەری .

brightness_1 ئەگەر ئەو كەسەی پژمی و نەیوت : (الحمد لله) ئەوا سوننەتە وەڵام نەدرێتەوە.

ئەگەر ئەو كەسەی پژمی و نەیوت : الحمد لله , ئەوا سوننەت نییە وەڵام بدرێتەوە , بەڵكو سوننەتە وەڵام نەدرێتەوە , بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أنس) – رەزای خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی : (دوو پیاو لای پێغەمبەری خوادا(صلَّى الله عليه وسلَّم) پژمین , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) وەڵامی یەكێكیانی دایەوەو وەڵامی ئەویتریانی نەدایەوە , كابرا وتی : ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) وەڵامی ئەوت دایەوە و وەڵامی منت نەدایەوە , فەرمووی : ئەم پیاوە حەمدی خوای كرد (واتە : وتی الحمد لله) و تۆ حەمدی خوات نەكرد(واتە : تۆ نەتوت الحمد لله) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (6225) ئەمە لە كرداری پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) بووە , وە لە قسەكانیشیدا هاتووە لە فەرموودەیەكدا (موسلیم) ریوایەتی كردووە لە فەرموودەی (أبو موسى)وە – رەزای خوای لێ بێت – دەڵێت : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (ئەگەر یەكێكتان حەمدی خوای كرد ئەوا وەڵامی بدەنەوە و ئەگەر حەمدی خوای نەكرد ئەوا وەڵامی مەدەنەوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2992) .

بەڵام ئەگەر جێگا و مەقامەكە جێگا و مەقامی فێركردن بوو وەكو ئەوەی باوكێك منداڵەكەی فێر دەكات , یان مامۆستایەك قوتابیەكانی , یان لە نمونەی ئەوانە كە جێگای فێركردن بێت , ئەوا پێی دەڵێت : بڵێ : الحمد لله, بۆ ئەوەی لەسەر ئەم سوننەتە پەروەردەی بكات چونكە رەنگە نەزانێت سوننەتە .

هەروەها ئەگەر كەسەكە هەڵامەتی بوو ئەوا لە پاش سێ جار وەڵام نادرێـتەوە , ئەگەر سێ جار پژمی ئەوا وەڵام دەدرێتەوە و لە پاش ئەوە وه‌ڵام نادرێتەوە .

بەڵگەش لەسەر ئەوە : ئەو فەرموودەیە كە (أبو داود) لە (سنن)ەكەیدا لە (أبو هریرة) وە ریوایەتی كردووە بە (موقوف )ی و بە (مرفوع)ی , دەڵێت : (وەڵامی براكەت بدەرەوە سێ جار وە ئەگەر لەوە زیاتر بوو ئەوا هەڵامەتە) (أبو داود) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5034) وە الألباني –رەحمەتی خوای لێ بێت- فەرموویەتی : (حسن موقوف و مرفوع) (صحيح أبي داود 4/308) .

وە ئەم فەرموودەیە فەرموودەیەكی تر پشتگیری دەكات كە (موسلیم) ریوایەتی كردووە لە (سه‌حیح)ەكەیدا , لە فەرموودەی (سلمة بن الأكوع) كەوا گوێی لێبوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لە كاتێكدا كابرایەك لایدا پژمی , پێی فەرموو : (يَرْحَمُكَ اللّهُ) كابرا جارێكی تر پژمی , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) پێی فەرموو : ئەم كابرایە هەڵامەتی هەیە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2993) .

بە پێی ئەوانەی پێشوو كەسێك پژمی لە دوو حاڵەتدا وەڵام نادرێتەوە :

1/ ئەگەر نەیگوت (الحمدلله) .

2/ئەگەر لە سێ جار زیاتر بوو ,چونكە ئەوە هەڵامەتە.