languageIcon
بحث
بحث
brightness_1 یەكێك لە سوننەتەكان : سەلامدانە .

بەڵگە لەسەر سوننەت بوونی زۆرە , لەوانە : فەرموودەكەی (أبو هریرة)یه – رەزای خوای لەسەر بێت- كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (حەقی موسڵمان لە سەر موسڵمان شەشن , وتیان : ئەوانە چین ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ؟ فەرمووی : ئەگەر پێی گەیشتی سەلامی لێ بكە , وە ئەگەر بانگی كردی ئەوا وەڵامی بانگەوازەكەی بدەرەوە , وە ئەگەر داوای ئامۆژگاری لێ كردی ئەوا ئامۆژگاری بكە , وە ئەگەر پژمی و وتی (الحمد لله) تۆیش وەڵامی بدەرەوە , وە ئەگەر نەخۆش كەوت ئەوا سەردانی بكە وە ئەگەر وەفاتی كرد ئەوا شوێنی جەنازەكەی بكەوە ) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2162) .

بەڵام وەڵامدانەوەی واجیبە , بەڵگەش لەسەری :

ئەو ئایەتەیە كە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا حُيِّيْتُم بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّواْ بِأَحْسَنَ مِنْهَا أَوْ رُدُّوهَا إِنَّ اللّهَ كَانَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ حَسِيباً}[النساء : 86] . واتە : و كاتێ به‌هه‌رجۆرێك سڵاوتان لێبكرێ له‌لایه‌ن موسڵمانانه‌وه‌ جا ئێوه‌ به‌جوانتر له‌و چاك و چۆنی له‌باوه‌ڕداران بكه‌ن, یان هه‌رهیچ نه‌بێت وه‌كو خۆی وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، به‌ڕاستیی خوا به‌حسابی هه‌موو شتێك ده‌گاو له‌گشت كه‌سێك ده‌پرسێته‌وه‌و پاداشتی هه‌موو كارێكیش ئه‌داته‌وه‌)

وە ئەسل و بنەماش لە فەرمانی داخوازیدا واجیب بوونە ئەگەر شتێك لە واجب بوونەكە لای نەدات بۆ شتێكی تر , وە ئیجماع لەسەر واجیب بوونی لە یەكێك زیاتر لە زانایانەوە هاتووە كە ئەو ئیجماعەیان گواستوەتەوە , لەوانە : ابن حزم و ابن عبدالبر و الشیخ تقي الدین و جگە لەوانە – رەحمەتی خوا لە هەموویان بێت – تەماشای : الآداب الشرعیة بكه (1/356) ط , مؤسسە الرسالة .   

وە باشترین و تەواوترین لەفز بۆ سەلامكردن و وه‌ڵامدانەوەی , ئەوەیە : (السلام عليكم ورحمة الله وبركاته) جا ئەمە باشترین سەلام و تەواوترینیانە .

ابن القیم –رەحمەتی خوای لێ بێت - دەفەرموێت : وە لە رێبازی پێغەمبەری خوادا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئەوە بووە كە كۆتایی بە سەلامەكە بهێنی تاوەكو (وبركاتە) ) تەماشای : زاد المعاد بكە (2/417) .

وە بڵاوكردنەوەی سەلام سوننەتە , بەڵكو سوننەتێكە هاندانی زۆری تێدا هاتووە بە دەستكەوتنی فەزڵێكی زۆر , بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو هریرە) – رەزای خوای لەسەر بێـت – دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (سوێند بەو كەسەی گیانی منی بە دەستە , هەرگیز ناچنە بەهەشتەوە تاوەكو باوەڕ نەهێنن , وە باوەڕ ناهێنن تاوەكو یەكترتان خۆش نەوێت , ئایا رێگایەكتان پێ بڵێم ئەگەر جێ بە جێی بكەن ئەوا یەكترتان خۆش دەوێت ؟ سەلام كردن لە نێوانتاندا بڵاو بكەنەوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (54).

brightness_1 موستەحەببە سەلامەكە سێ بارە بكرێتەوە ئەگەر پێویستی كرد .

وەكو ئەوەی گومانی هەبێت ئەو كەسەی سەلامی لێ كردووە گوێی لێ نەبووە لە جاری یەكەمدا , ئەوا موستەحەببە دووبارە بكرێتەوە , وە ئەگەر نەیبیست ئەوا جاری سێیەم سەلام دەكات , هەروەها ئەگەر چووە ژوورەوە بۆ لای كۆمەڵێكی زۆر , وەكو ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای مەجلیسێكی گەورە و خەڵكێكی زۆری تێدابوو , جا ئەگەر یەك جار سەلام بكات ئەوا تەنها ئەوانەی سەرەتای مەجلیسەكە دەیبیسن , بۆیە پێویست دەكات سێ جار سەلام بكات , بۆ ئەوەی سەلامەكە هەموو ئەوانەی مەجلیسەكە بگرێتەوە .

بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (أنس) – رەزای خوای لەسەر بێت- لە پێغەمبەری خواوە(صلَّى الله عليه وسلَّم) : كەوا ئەگەر قسەیەكی بكردایە سێ بارەی دەكردەوە تاوەكو لێی تێ بگەن , وە ئەگەر بهاتبایە بۆ لای كۆمەڵێك و سەلامی بكردایە ئەوا سێ جار سەلامی دەكرد ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (95) .

وە لە فەرموودەكەی (أنس)ی پێشووەوە چەند سوودێك وەردەگرین : وەكو سوننەت بوونی دووبارەكردنەوەی وشەیەك ئەگەر پێویستی كرد , وەكو ئەوەی قسە بكات ولە قسەكەی تێنەگات , بۆیە سوننەتە دووبارە بكرێتەوە , وە ئەگەر تێنەگەیشت ئەوا سێ بارەی دەكاتەوە .

brightness_1 سوننەتە لە كاتی چوونە ماڵەوەدا سەلام بكات .

ئەمەش بەشێكە لە گشتگیری سەلام كردن , ئەویش پاش ئەوەی سیواك دەكات , چونكە سیواك سوننەتە لە كاتی چوونە ماڵەوە , ئەمەش جێگای چوارەمە لەو جێگایانەی دووپاتكراوەتە لەسەر سوننەت بوونی سیواك , ئەویش : لە كاتی چوونە ماڵەوەدا , بە بەڵگەی فەرموودەكەی (دایكە عائیشە) كە لە (موسلیم) دا هاتووە دەفەرموێت : (ئەگەر پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) بهاتایەتە ماڵەوە ئەوا بە سیواك دەستی پێ دەكرد) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (253) , جا ئەگەر چووە ماڵەوە و سیواكی كردو سەلام دەكات لە خێزانەكەی , تەنانەت هەندێ لە زانایان دەفەرموون : سوننەتە سەلام بكات ئەگەر چووە ماڵەوە , هەر ماڵێك بێت , تەنانەت ئەگەر كەسیشی تێدا نەبوو , بە بەڵگەی ئەو ئایەتەی دەفەرموێت : :{فَإِذَا دَخَلْتُم بُيُوتاً فَسَلِّمُوا عَلَى أَنفُسِكُمْ تَحِيَّةً مِّنْ عِندِ اللَّهِ مُبَارَكَةً طَيِّبَةً كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الْآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُون} [النور:61] . واتە : هه‌ركاتیش چوونه‌ ماڵانێكه‌وه‌ سڵاو له‌خۆتان و یه‌كتری بكه‌ن، ئه‌مه‌ دروودێكی پیرۆز و پاكه‌ له‌ لای خوا ئا به‌و شێوه‌یه‌ خوا ئایه‌ت و ئادابه‌كانی خۆی ڕوون ئه‌كاته‌وه‌ بۆتان به‌شكو تێ بگه‌ن و ئه‌و ئایه‌تانه‌ بكه‌نه‌ به‌رنامه‌ی ژیانتان).

ابن حجر – رەحمەتی خوای لێ بێت - دەفەرموێت : وە لە باسی گشتگیری سەلامكردنەكە سەلام كردنە لە خۆ بۆ كەسێك چووە جێگایەكەوە كەسی تێدا نەبوو , بە بەڵگەی ئەو ئایەتە :({فَإِذَا دَخَلْتُم بُيُوتاً فَسَلِّمُوا عَلَى أَنفُسِكُمْ}...) تەماشای : (فتح الباري) بكە فەرموودەی ژمارە (6235) باب إفشاء السلام .

سوود بەدەست هاتوویەك : بە پێی ئەوەی پێشوو سوننەتە لە كاتی چوونە ژوورەوەدا بۆ ماڵ سێ سوننەت ئەنجام بدرێت .

یەكەم : ناوی خوا بهێنێ بە تایبەتی شەوان .

بە بەڵگەی فەرموودەكەی (جابر بن عبدالله) -رەزای خوایان لەسەر بێت – كەوا گوێی لە پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) بوو دەیفەرموو : (ئەگەر هەر كاتێك كەسێك چووە ژوورەوە بۆ ماڵەكەی خۆی و یادی خوای گەورەی كرد لە كاتی چوونە ژوورەوەی و لە كاتی خواردنیدا , شەیتان دەڵێت : شوێنی خەوتن و خواردنی شێوانتان دەست نەكەوت , بەڵام ئەگەر چووە ژوورەوە یادی خوای نەكرد لە كاتی چوونە ژوورەوەیدا ئەوا شەیتان دەڵێت : شوێنی خەوتنتان دەستكەوت , وە ئەگەر یادی خوای نەكرد لە كاتی خواردنەكەیدا ئەوا –شەیتان- دەڵێت : شوێنی خەوتن و خواردنی شێوانتان دەستكەوت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2018) .

دووەم : سیواك . بە بەڵگەی فەرموودەكەی (دایكە عائیشە) لە پێشدا باسكرا و تەخریج كرا .

سێیەم : سەلام كردن لەوانەی لە ماڵەكەدان .

brightness_1 وتنی وشەیەكی چاك سوننەتە چونكە سەدەقەیە .

جا ئەگەر هاتوو لە كاتی بە یەك گەیشتندا بوو یان لە دانیشتندا یان لە هەر حاڵێكدا بوو , جا وتنی وشەیەكی چاك سوننەتە چونكە سەدەقەیە.

بەڵگەش لەسەر ئەوە فەرموودەكەی (أبو هریرة)یە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (وشەی باش و چاك سەدەقەیە) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2989) و (موسلیم) بە ژمارە (1009) .

زۆر جار وشەی چاك دێت بە سەر زمانی خەڵكیدا , ئەگەر چاوەروانی پاداشت بكەن لە خواوە ئەوا خەیرێكی زۆریان دەگات , وە بە هۆیەوە سەدەقەیەكی زۆر و فراوانیان دەست دەكەوێت .

مامۆستامان ابن عثیمین – رەحمەتی خوای لێ بێت – فەرموویەتی : وشەی چاك وەكو ئەوەی پێی بڵێیت: تۆ چۆنی ؟ ئەحواڵت چۆنە ؟ براكانت چۆنن ؟

كەسوكارت چۆنن ؟ وە لە نمونەی ئەوانە , چونكە ئەمە لەو وشانەیە بە هۆیەوە خۆشگوزارنی دەخەیتە دڵی براكەتەوە , هەموو وشەیەكی چاك ئەوا سەدەقەیەك و پاداشت و ئەجرت بۆ دەنوسرێت لای خوای گەورە) تەماشای (شرح رياض الصالحين) بكە لە نوسینی مامۆستامان (2/996) (باب : استحباب طيب الكلام , وطلاقة الوجه عند اللقاء)