languageIcon
بحث
بحث
brightness_1 وتنی (بسم الله) لە سەرەتای خواردندا .

لە (عمر بن أبو سلمة) – رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێت : (منداڵ بووم لە ماڵی پێغەمبەری خوادا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ، وە دەستەكانم بە پەلە ئەمسەرو ئەوسەری دەفرەكەی دەكرد , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) پێی وتم : (ئەی منداڵ .. ناوی خوا بهێنە و بە دەستی راست بخۆ و لە پێش خۆتەوە بخۆ) چیتر ئەوە شێوازی خواردنم بووە ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5376) و(موسلیم) بە ژمارە (2022) .

وە ئەگەر وتنی (بسم الله)ی لەبیر چوو : ئەوا سوننەتە هەر كاتێ كەوتە بیری بڵێت : (بە ناوی خوا لە سەرەتاو كۆتاییەكەی).

بە بەڵگەی فەرموودەكەی دایكە عائیشە – رەزای خوای لەسەر بێت –كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان دەستی بە خواردن كرد ئەوا با ناوی خوای گەورە لە سەرەتاوە بهێنێت , جا ئەگەر ناوی خوای لە سەرەتاوە لە بیر چوو ئەوا با بڵێت : بە ناوی خوای گەورە لە سەرەتا و كۆتاییەكەی) أبو داود ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3767) و الترمذي بە ژمارە (1858) و الألباني بە سه‌حیح ی داناوە هەروەكو لە پێشدا باسكرا .

هەروەها فەرموودەكە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەوا مرۆڤ بە دەستی راستی دەخوات بۆ ئەوەی بەشەیتان نەچوێت , جا كەسی موسڵمان ئەگەر ناوی خوا نەهێنێ ئەوا شەیتان بەشدار دەبێت لە گەڵیدا لە خواردنەكەیدا , وە ئەگەر بە دەستی چەپ بخوات یان بخواتەوە ئەوا خۆی بە شەیتان شوبهاندووە , چونكە شەیتان بە دەستی چەپی و دەخوات و دەخواتەوە .

بەڵگەش لەسەر ئەوە :

فەرموودەكەی (عبدالله بن عمر) – رەزای خوای لەسەر بێت –كەوا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (هیچ یەكێك لە ئێوە با بە دەستی چەپی نەخوات و پێی نەخواتەوە , چونكە شەیتان بە دەستی چەپ دەخوات و دەخواتەوە ) دەڵێت : وە نافع ئەمەشی بۆ زیاد دەكرد : (وە پێی وەرنەگرێت و پێی نەبەخشێ) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2020) . 

وەشەیتان سوورە لەسەر ئەوەی بچێتە ماڵەكانەوە , بۆ ئەوەی تێیدا بمێنێتەوە و بەشدار بێت لە گەڵ ئەهلەكەیدا لە خواردن و خواردنەوە , لە (جابر بن عبدالله) وە –رەزای خوای لەسەر بێـت- هاتووە كەوا گوێی لێ بووە پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر هەر كاتێك كەسێك چووە ژوورەوە بۆ ماڵەكەی خۆی و ناوی خوای هێنا لە كاتی چوونە ژوورەوەی و لە كاتی خواردنیدا , شەیتان دەڵێت : شوێنی خەوتن و خواردنی شێوانتان دەست نەكەوت , بەڵام ئەگەر چووە ژوورەوەو ناوی خوای نەهێنا لە كاتی چوونە ژوورەوەیدا , ئەوا شەیتان دەڵێت : شوێنی خەوتنتان دەستكەوت , وە ئەگەر ناوی خوای نەهێنا لە كاتی خواردنەكەیدا ئەوا –شەیتان- دەڵێت : شوێنی خەوتن و خواردنی شێوانتان دەستكەوت) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2018) .

brightness_1 هەڵگرتنی ئەو پارووەی دەكەوێت و لادانی ئەوەی پێوەی لكاوە و پاشان خواردنی .

بە بەڵگەی فەرموودەكەی (جابر) – رەزای خوای لەسەر بێت- فەرموویەتی : گوێم لێبوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : (شەیتان ئامادەی هەموو كاری یەكێكتان دەبێت , تەنانەت ئامادەی كاتی خواردنی دەبێت , جا ئەگەر پاروویەك لە دەستی یەكێكتان كەوتە خوارەوە ئەوا با هەر شتێكی پێوە لكاوە پاكی بكاتەوە و ئەمجار بیخوات , وە با بۆ شەیتانی بە جێ نەهێڵێ , وە ئەگەر تەواوی كرد ئەوا با پەنجەكانی بلێسێتەوە , چونكە ئەو نازانێت لە كام خواردنێدا بەرەكەت هەیە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2033).

ئەگەر هەركەسێ وردبێتەوە لە فەرموودەكە دەبینێ شەیتان سوورە لەسەر بەشداری كردنی مرۆڤ لە هەموو كارەكانیدا , بۆ ئەوەی بەرەكەت لە ژیانیدا داماڵێت , وە زۆربەی كارەكان مرۆڤ خراپ بكات و تێكی بدات , وە ئەوەی بەڵگە بێت لەسەر سووربوونی شەیتان لەوەی هەردەم لە گەڵ بەندەدا دەبێت لە هەموو كارەكانیدا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خوایە(صلَّى الله عليه وسلَّم) كە دەفەرموێت : (شەیتان ئامادەی هەموو كاری یەكێكتان دەبێت)

brightness_1 پاككردنەوەی دەفرەكە.

وە مەبەست لە (سَلْتُ القَصْعَة) : ئەو كەسەی نانەكە دەخوات لێواری دەفرەكەی پاك بكاتەوە , بۆ نمونە : كەسێك برنج دەخوات , سوننەتە هیچ نەهێڵێ بە لێواری ئەو دەفرەی لێی دەخوات , ئەوەی لێی ماوە دەیسڕێت و دەیخوات , چونكە رەنگە بەرەكەت لەوەدا بێت كە ماوەتەوە بە لێواری دەفرەكەوە.

بەڵگەش لە سەر ئەوە : فەرموودەكەی (ئەنەس) ە –رەزای خوای لێ بێت – فەرموویەتی : (وە فەرمانی پێ كردین – واتە : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) - كە دەفرەكە پاك بكەینەوە لەوەی پێوە ماوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(2034) وە لە ریوایەتێكی تردا لە (موسلیم) دا هاتووە لە فەرموودەی (أبو هریرة) وە – رەزای خوای لەسەر بێت - : (وە با هەر یەكێك لە ئێوە دەفرەكە پاك بكاتەوە لەوەی پێوە ماوە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2035).

مامۆستامان (ابن عثیمین) –رەحمەتی خوای لێ بێت- فەرموویەتی : بە مانای ئەوەی : ئەو خواردنەی لكاوە بە پەنجەكانتەوە بیلیسیتەوە , جا ئەمەش لەو سوننەتانەیە كە زۆرێك لە خەڵكی لێی بێ ئاگان بە داخەوە تەنانەت قوتابیان زانست و زانیاریش ) تەماشای : شرح رياض الصالحين بكە (1/892) .

brightness_1 هەناسەدان لە دەرەوەی دەفرەكە سێ جار .

سوننەتە لە دەفرەكە بە سێ جار بخواتەوە , وە لە دوای هەر جارێك هەناسە بدات .

بەڵگەش لە سەر ئەوە : فەرموودەكەی (أنس)ە – رەزای خوای لەسەر بێت - دەفەرموێت : (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لە كاتی خواردنەوەدا سێ جار هەناسەی دەدا , وە دەیفەرموو : زیاتر تینویەتی نامێنی و چاكترە و زیانی كەمترە) (ئەنەس) دەڵێت : جا من سێ جار هەناسە دەدەم لە كاتی خواردنەوەدا) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(5631) و (موسلیم) بە ژمارە (2028) .

مەبەست لە هەناسەدان لە دەرەوەی دەفرەكە : هەناسەدان لە كاتی خواردنەوەیدا لە دەفرەكە : بە مانای ئەوەی : لە دەرەوەی دەفرەكە هەناسە بدات , چونكە هەناسەدان لە دەفرەكەدا مەكروهە, بە بەڵگەی فەرموودەكەی (أبو قتادة) – رەزای خوای لەسەر بێت – كە لە هەردوو كتێبی (سه‌حیح)دا هاتووە , دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (ئەگەر یەكێكتان خواردییەوە ئەوا با لە دەفرەكەدا هەناسە نەدات) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە(5630) و (موسلیم) بە ژمارە (267) .

brightness_1 حەمد و سەنای خوای گەورە لە پاش خواردن .

بەڵگەش لەسەر ئەم سوننەتە :

فەرموودەكەی (أنس بن مالك)ـە – رەزای خوای لەسەر بێت – دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرموویەتی : (خوای گەورە رازی دەبێت لەبەندە كاتێ خواردنێك دەخوات سوپاسی خوای لەسەر دەكات یان خواردنەوەیەك دەخوات سوپاسی خوای لە سەر دەكات) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2743) .

وە حەمد و سەنای خوا چەند شێوازێكی هەیە , لەوانە :

أ/ (سوپاس و ستایش بۆ خوا سوپاس و ستایشێكی زۆر و پیرۆز و پاك و پڕ بەرەكەت , بە بێ نكۆڵی لێكردن و بە بێ وازلێهێنان و دەستلێهەڵگرتن لە پەروەردگارمان) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5458).

ب/ (سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی كە ناچاری دەستی هیچ كەسێكی نەكردین و تەنها خۆی بەسمانە , تینوێتی شكاندووین بە بێ رەتكردنەوە و نكۆڵی لێكردن) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5459).

(غيرَ مَكفِيٍّ): واتە : پێویستی بە هیچ كەس نەبێت , هەر ئەو بەندەكانی نان دەدات و پێویستیان جێ بە جێ دەكات . (ولا مُودَّع) واتە : وازی لێ نەهێناوە , (كَفَانَا) لە كیفایەتەوە هاتووە , (أرْوَانَا) لە (الرِيّ) ئاودانەوە هاتووە , (وَلَا مَكْفُورٍ) واتە : نكۆڵی نەكردن لە فەزڵ و نیعمەتەكانی .

brightness_1 ستایش كردنی خواردن ئەگەر پێی باش بوو .

سوننەتە : ستایشی خواردنەكە بكات ئەگەر پێی باش بوو , گومانیشی تێدا نییە ستایشی ناكات ئیللا بەوەی تێیدا بێت .

بەڵگەش لە سەر ئەوە : فەرموودەكەی (جابر بن عبدالله)یە – رەزای خوای لەسەر بێت – (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) داوای پێخۆرێكی كرد لە خێزانەكانی , وتیان : هیچ شتێكیمان لە ماڵدا نییە تەنها خەڵ نەبێت , ئەویش داوای كرد و دەیخوارد و دەیفەرموو : باشترین پێخۆر خەڵە , باشترین پێخۆر خەڵە) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2052) , وە (خەڵ) جۆرێكە لە پێخۆر لای ئەوان , ئەویش شیرینە و تورش نییە , وەكو ئەو خەڵەی لای خۆمان .

مامۆستامان (ابن عثیمین) – رەحمەتی خوای لێ بێت-  دەفەرموێت : هەروەها ئەمەش لە رێبازی پێغەمبەری خوایە(صلَّى الله عليه وسلَّم) كەوا ئەگەر خواردنێكی بە دڵ بوایە ئەوا ستایشی دەكرد , هەروەها بۆ نمونە ئەگەر ستایشی نان بكەیت , دەڵێیت : باشترین نان نانی بەنی فلانە , یان لە نمونەی ئەوە , هەروەها ئەمەش لە سوننەتی پێغەمبەری خوایە (صلَّى الله عليه وسلَّم) (تەماشای (شرح رياض الصالحين بكە 2/1057)

ئەوەی لە واقیعی ئەمڕۆمان وردبێتەوە دەبینێ زۆربەی خەڵكی كەوتونەتە ناو ناكۆكی لە گەڵ سوننەتدا , جا ئەوان تەنها بە وازهێنان لە سوننەت رانەوەستاون , بەڵكو جیاواز و ناكۆك بوون لە گەڵیدا , بەوەی خواردنەكە عەیبدار دەكەن , وە هەندێ جار زەمی دەكەن , ئەمەش جیاوازە لە گەڵ رێبازەكەی پێغەمبەری خوادا(صلَّى الله عليه وسلَّم), لە هەردوو كتێبی (سه‌حیح)دا هاتووە لە فەرموودەی (أبو هریرة) وە فەرموویەتی : (هەرگیز پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هیچ چێشتێكی عەیبدار نەدەكرد , ئەگەر حەزی لێ بوایە ئەوا دەیخوارد و ئەگەر نا ئەوا وازی لێ دەهێنا) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (3563) و(موسلیم) بە ژمارە (2064) .

brightness_1 موستەحەببە ئەو كەسەی دەخواتەوە لە پاش خواردنەوەی خۆی بیداتە ئەو كەسەی لای راستێتی لە پێش ئەو كەسەی لای چەپێتی .

وە مەبەست لێی : ئەگەر شتێكی خواردەوە ئەوا سوننەتە بیداتە كەسی لای راستی پێش چەپی .

بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (أنس بن مالك)ـە –رەزای خوای لێ بێت – دەفەرموێـت : (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) هات بۆ میوانیمان لە ماڵی خۆماندا , داوای ئاوی كرد (داوای خواردنەوەیەكی كرد) , ئیمەش مەڕێكمان بۆ دۆشی , ئەمجار لە گەڵ ئاوی ئەم بیرەماندا تێكەڵم كرد , دەڵێت : منیش دام بە پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم), پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) لێی خواردەوە و ئەبو بەكر لای راستییەوە و عومەر بەرانبەری و كەسێكی دەشتەكی لای راستیەوە بوو , عومەر وتی : ئەوە ئەبو بەكرە ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ، دەیویست پیشانی بدات , كەچی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دای بە كابرای دەشتەكی , وە وازی لە ئەبو بەكر و عومەر هێنا , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : لای راستەكان , لای راستەكان , لای راستەكان) (واتە : ئەوانەی لای راستانن پێشیان بخەن) ئەنەس دەڵێت : جا ئەوە سوننەتە , سوننەتە , سوننەتە ) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2571) و(موسلیم) بە ژمارە (2029) .

brightness_1 ئەوەی ئاو دابەش دەكات دوایین كەس دەخواتەوە .

سوننەتە ئەو كەسەی ئاو دەداتە كۆمەڵێك خۆی دوایین كەس بخواتەوە.

بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودە درێژەكەی (أبو قتادة)یە – رەزای خوای لەسەر بێت , وە تێیدا هاتووە : فەرمووی :(جا پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئاوی تێ دەكرد و منیش پێیانم دەدا , تاوەكو هیچ كەسێك نەمایەوە تەنها من و پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) نەبێت , ئەمجار دەڵێت : پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) ئاوی تێكرد و پێی وتم : بخۆرەوە , وتم : ئەی پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) من ناخۆمەوە تاوەكو تۆ نەخۆیتەوە , پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) فەرمووی : ئەوەی ئاو دابەش دەكات دوایین كەس دەخواتەوە , دەڵێت : منیش خواردمەوە و پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) خواردییەوە ...) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (681) .

سوود بەدەست هاتوویەك : سوننەتە هەركەسێ شیر بخواتەوە لە پاش خواردنەوە ئاو لە دەمی وەردات , بۆ ئەوەی ئەو چەورییەی لە دەمیدا ماوەتەوە بە هۆی شیرەكەوە نەیهێڵێ , بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (إبن عباس) – رەزای خوایان لەسەر بێت – (پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) شیری خواردەوە , ئەمجار داوای ئاوی كرد و ئاوی وەردایە دەمی و فەرمووی : ئەم شیرە چەوری تێدایە) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (211) و(موسلیم) بە ژمارە (358) .

brightness_1 داپۆشینی دەفرەكان و ناوی خوا هێنان لە كاتی هاتنی شەودا .

سوننەتە دەفرە سەر واڵاكان داپۆشرێن لە كاتی هاتنی شەودا و گرتن و داخستنی كوننەكان ( إیكاء : واتە : گرتنی ئەگەر جێی گرتنی هەبوو ) وە ناوی خوا هێنان لەو كاتەدا .

بەڵگەش لەسەر ئەوە : فەرموودەكەی (جابر بن عبدالله) – رەزای خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا(صلَّى الله عليه وسلَّم) دەیفەرموو : (دەفەرەكان داپۆشن و دەمی كونەكان بگرن , لە ساڵێكدا شەوێك هەیە نەخۆشی تێدا دادەبەزێت , بە سەر هیچ دەفرێكدا تێناپەڕێت سەرپۆشی نەبێت , یان كونەیەك دەمی نەگیرا بێت , ئیللا ئەو نەخۆشییەی دادەبەزێتە سەر ) (موسلیم) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (2014) هەروەها لە (بوخاری) دا هاتووە لە فەرموودەی (جابر)ەوە – رەزای خوایان لەسەر بێت- (دەمی كونەكانتان بگرن و ناوی خوا بهێنن و دەفرەكانتان داپۆشن و ناوی خوا بهێنن , هەرچەندە ئەگەر تەنها شتێك بە سەریدا بدەن) (بوخاری) ریوایەتی كردووە بە ژمارە (5623).